كوردستانی نوێ پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌ركوك بلاوده‌كاته‌وه 6/2/2010
كوردستانی نوێ- هه‌ڵوێستی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان دژی ته‌رخانكردنی كۆمه‌ك و هاوكاریی بۆ كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان، كه له‌گفتوگۆی لیژنه‌ی دارایی تایبه‌ت به‌بودجه‌ی 2010دا به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری دارایی ده‌ریانبڕیبوو، كاردانه‌وه‌ی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه، كوردستانی نوێ-ش له‌دوو خشته‌ی جیاوازدا ورده‌كاری ئه‌و پرۆژانه بلاوده‌كاته‌وه كه‌حكومه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی 2003 تاوه‌كو دوای 2009 پێشكه‌شی شاره‌كه‌ی كردووه.
له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌و شڵه‌ژانه‌شیاندا، فراكسیۆنی گۆڕان و میدیای كۆمپانیای وشه، پاساوی هه‌مه‌جۆرو دژ به‌یه‌ك ده‌هێننه‌وه، له‌لایه‌ك له‌ڕاپۆرتی به‌په‌له‌ی وه‌فدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كه‌ركوك، هه‌ندێك پێشنیازی دژ به‌یه‌كی تێدایه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه په‌رله‌مانتارێكیان به‌په‌له پێشنیازی سندوقێكی كردووه بۆ هاوكاریی كه‌ركوك.
راپۆرته‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان ناكۆكه
راپۆرته‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان كه به‌رواری (27-28/1/2010)ی له‌سه‌ره‌و رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو ته‌سلیمی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیان كردووه، خاڵی پێك ناكۆك هه‌یه كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستیان له‌لیژنه‌ی دارایی یه‌كناگرێته‌وه.
له‌خاڵی هه‌شته‌می راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه ده‌كات كه(چوار ملیار‌و چوارسه‌دو نۆزده ملیۆن دینار
له‌بودجه‌ی پارێزگای سلێمانی به‌بێ دوو پارێزگاكه‌ی تری هه‌رێم گلدراوه‌ته‌وه‌و ته‌رخانكراوه بۆ چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌كه‌ركوك، ئێمه پێشنیازده‌كه‌ین بڕێكی له‌و جۆره له‌بودجه‌ی پارێزگای هه‌ولێرو نیوه‌ی ئه‌و بڕه‌ش له‌بودجه‌ی پارێزگای دهۆك گلبدرێته‌وه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، كه‌كۆی پاره‌كه ده‌كاته زیاتر له ده ملیار دینار)، ئه‌وه‌ش به‌سه‌لماندنی كوردستانێتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن هه‌رسێ پارێزگاوه نه‌ك ته‌نیا پارێزگای سلێمانی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات. به‌لام ئه‌م خاڵه‌ش ناكۆكه له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كانی تریان بۆ بوونی دوو ئیداره‌یی له‌كه‌ركوك كه‌ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرن.
هه‌روه‌ك داوای كۆمه‌ك بۆ نه‌هێشتنی بێكاری و پشتیوانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیش ناكۆكه له‌گه‌ڵ هه‌مان هه‌ڵوێستیان له‌گفتوگۆكانی بودجه‌دا كه‌بودجه‌یه‌كی گشتگیره بۆ هه‌موو هه‌رێم و كۆمه‌كی ناوچه دابڕاوه‌كانیش ده‌كات و بودجه‌ی دوو ئیداره‌یی نییه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، كوردستانی نوێ لیستی ئه‌و پرۆژانه‌ی ده‌ستكه‌وتووه كه له‌شاری كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان جێبه‌جێكراون یان هێشتا له‌كاردان و له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پاره‌یان بۆ دابینكراوه.
به‌پێی دوو خشته‌ی جیاواز كه‌ده‌ست كوردستانی نوێ كه‌وتوون، حكومه‌تی هه‌رێم له‌ڕێی پرۆژه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی فریاكه‌وتنی ئاواره‌وه خزمه‌تێكی باشی به‌كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی تر كردووه‌و وه‌ك هه‌ر ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌رێم خزمه‌تگوزاریی جیاجیای پێشكه‌شكردوون.
له‌خشته‌ی یه‌كه‌مدا، زۆر به‌ڕوونی هه‌موو ئه‌و پرۆژانه خراونه‌ته‌ڕوو كه له‌ساڵی 2003وه تا ساڵی 2009 بۆ ئه‌و ناوچانه جێبه‌جێكراون كه‌سه‌رجه‌م كۆڵه‌گه گرنگه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك له‌خۆده‌گرێت هه‌ر له: ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خوێندن و خوێندنی بالا‌و راكێشانی هێڵی كاره‌باو ئاوی خواردنه‌وه‌و بواری ته‌ندروستی و قیرتاوكردن و چاككردنی رێگه‌وبانی گونده‌كان تا كردنه‌وه‌و نوێكردنه‌وه‌ی مزگه‌وت و یاریگای وه‌رزشی و دروستكردنی په‌یكه‌ری شه‌هیدان و باخچه‌ی ساوایان و هۆڵی پێویست بۆ بۆنه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیانلێكه‌وتوو، بڕی تێچووی سه‌رجه‌م ئه‌و پرۆژانه‌ش (4.360.000) دۆلاره.
خشته‌ی دووه‌میش تایبه‌ته به‌و پرۆژانه‌ی كه له‌ساڵی 2009وه ته‌واوكراون یاخود له‌بواری جێبه‌جێكردندان و جوڵه‌یه‌كی باشی بنیاتنان و ئاوه‌دانی له‌كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كانی دیكه دروستكردووه كه‌ئه‌وانیش به‌هه‌مانشێوه له‌خزمه‌تی سه‌رجه‌م هاوولاتیاندان و تایبه‌تن به‌بواره‌كانی كاره‌باو به‌ستنه‌وه‌ی رێگه‌ی گوند‌و ناحیه‌كان و دروستكردن و نوێكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌و باخچه بۆ گه‌ڕه‌كه‌كان.
خشته‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م ئه‌وه روونده‌كه‌نه‌وه كه‌تائێستا (147) پرۆژه‌ی ستراتیژی و پێویست له‌نێوان به‌ئه‌نجامگه‌یشتن و به‌رده‌وامیدان و پرۆژه‌ی دیكه‌شیان به‌دوادا دێت.
كوردستانی نوێ له‌ژماره‌كانی داهاتوویدا هه‌ردوو خشته‌كه بلاوده‌كاته‌وه.